خەسارەتی بوومەلەرزە کشتوکاڵیشی گرتەوە

14:01 - 14 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هاتنی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، بێجگە لە خەسارەتە ماددی و مەعنەوییەکان و گیان‌ لەدەست دان و بریندار بوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و ڕووخانی ماڵەکانیان، بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیشی گرتەوە و شیلاتی ئەو پارێزگایە نزیکەی ١٨ میلیارد تەمەن خەساری بەرکەوتووە.

هەواڵدەریی فارس، لە زاری بەڕێوبەری گشتی شیلاتی پارێزگای کرماشان، بڵاوی کردەوە، نزیکەی ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار ماسی لە کاتی هاتنی بوومەلەرزە لە حەوزی پەروەردەی ماسی لە شارەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و داڵاهوو لەناوچوون.

فەرزاد ئەفزەلی، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕاگەیەندنەکاندا ڕایگەیاند: خەسارەتی بەرکەوتووی شیلاتی ئەو سێ شارە ١٧ میلیۆن و ٨٢٠ هەزار تەمەن نرخێندراوە و لە کوێ گشتی ئەو بەراوردە ١٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تەمەن ماسی زیانیان بەرکەوتووە و پاشماوەی زیانەکان بۆ گیانلەبەرانی دیکە دەگەڕێتەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، ٦٥٠ تۆن ماسی بە هۆی شکانی حەوزەکانی پەروەردەی ماسی لەناوچوون و ١٦٧ یەکەی پەروەردەی شیلات لە پارێزگای کرماشان لە کاتی هاتنی بوومەلەرزە زیانیان بەرکەوتووە.