خەبات مەنگوڕی، لە زیندان ئازاد کرا

19:46 - 29 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهابادەوە دەستەبسەر کرابوو، پاش ٢ مانگ دەستبەسەری، بە بێ‌تاوان ناسرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خەبات مەنگوری، کە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوی ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنیی کورد لەمەڕ سووکایەتیی ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد بە هونەرمەندی کورد حەسەن زیرەک، دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کرا.

ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی شاری مەهاباد، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە لە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بێبەری کراوە.

\"24275.jpg\"
خەبات مەنگوری، بەرپرسەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی شاری مەهاباد
ئەو چالاکە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد، سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، کە بەبێ پارێزەر دادگایی کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیریی بۆ برابوویەوە.

خەبات مەنگوڕی، پێشتریش بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانی چالاکانی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەر کرابوو.

ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد، کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە راپرسییەکدا حەسەن زیرەکی لە تەنیشت موحسین یەگانە و مورتەزا پاشایی دوو گۆرانیبێژی فارس دانابوو، کە رادە و ئاستی خۆشەویستی و پێگەییان لەرێگەی راپرسییەکی تەلەفزیۆنیدا و لە ناو خەڵکدا دیاری بکرێت، کە چالاکانی فەرهەنگی و هومەرمەندانی کورد ئەو کارەیان بە سووکایەتی بە حەسەن زیرەک وەسف کرد.

ئەو سووکایەتییەی ناوەندی دەنگ ورەنگی مەهاباد نارەزایەتیی چالاکانی کوردی لەو شارەدا لێکەوتەوەو لە ەئنجامی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینەدا ژمارەیەک لەو چالاکانە دەستبەسەر لێپرسینەوەیان لێکرا.