خەبات شەکیبا بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

10:32 - 26 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، "خەبات شەکیبا" چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی سنە، ئازاد کراوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، ئەم چالاکە کرێکارییە لە کاتێکدا کە بۆ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خزمێکی بۆ "بەهەشت محەممەدی" چووبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی، "خەبات شەکیبا" لەلایەن لقی ١٠٣ی کەیفەریی سنە، بە تۆمەتی "گردبوونەوەی نایاسایی و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز"، بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری یان دانی ملیۆنک و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرابوو.