خۆ کوژیی ٢ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەوڵاوا و سنە

14:55 - 21 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی ناوچەی سەوڵاوا، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێک بەناوی \"فەرزانە ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ناو\" لە ناوچەی هەورامانی تەختی سەربە شاری سەوڵاوا کە رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"ئەو ژنە کوردە دایکی دوو منداڵ بووە و بە هۆی ئەوەی کە لەلایەن چەند کەسێکەوە (بوختان)ی بۆ هەڵبەسترابوو، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە\".

تەرمی فەرزانە ئیبراهیمی رۆژی رابردوو لەگەڵ ئەو حەوت کرێکارەی خەڵکی ئەو گوندە کە بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە لە نزیک گوندی هەجیج گیانیان لەدەست دا، نێــژراوە.

\"16740.jpg\"
محەممەد سەعدوڵلاهی بە هۆیەکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی هێناوە
هەروەها شەوی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی کوردی خەڵکی گوندی \"شیان\"ی ناوچەی سنە بەناوی \"محەممەد سەعدوڵڵاهی\" هەوڵی خۆ کوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

محەممەد سەعدوڵلاهی کوڕی بەهادین و خەڵکی گوندی شیانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بووە کە لە شارەکی \"حەسەن‌ئاوا\"ی سەربە شاری سنە بە هۆیەکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی هێناوە.