خۆ ئامادە کردنی حکوومەتی ئێران بۆ تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی حکوومەتی هەرێم

15:39 - 6 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە سنووری \"کێلەشین\" سەر بە شاری شنۆ، بنکەیەکی چەکی قورس و تۆپخانەیی دامەزراندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حکوومەتی ئێران بە دانانی بنکەیەکی تۆپخانە لە سنووری کێلە شین، خۆی بۆ بوردومانی ناوچە سنوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکات.

سپای پاسدارن ئامانجی لە دانانی ئەو بنکە نیزامییە، بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراوە.

بەرپرسانی باڵای نیزامیی حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیونەکان ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو، سپای پاسداران سێ کەڕەت ناوچە سنوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی بوردومان کرد و ئەمەش دژکردەوەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتەوە.

بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ڕایانگەیاندووە:\" حکوومەتی ئێران و حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو حکوومەتە دەبێ لە ڕێگای وتووێژ و دانووستاندن کێشەکانیان چارەسەر بکەن\".

بە دوای تۆپبارانی کردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارنەوە لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان تووشی زەرەر و زیانی ماڵیی بەرچاو بوون.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە؛ سپای پاسداران مەبەستی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ناوچە سنوورییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوردومان بکاتەوە.