خۆی/ لەژێر پاراستنی نامووس دوو کچ کوژرا

15:23 - 31 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە دوو ڕووداوی جیاجیادا لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، دوو کچ لە لایەن باوک و خالۆیەوە بە چەک دەکوژرێن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەژێر ناوی پاراستنی نامووس، دوو کچی لاو لە شاری خۆی، لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە دەکوژرێن.

لە یەکێک لەو ڕوودوانەدا، باوکێک بە تەقەی چەکی ڕاو لە گۆڕەپانی وەلی عەسر کچەکەی خۆی دەکوژێت.

ماڵپەڕی تابناک بڵاوی کردەوە، ئەم پیاوە پێ لە تەمەنە لە دان پێنانی کوشتنی کچەکەیدا، باسی لە هەڵسوکەوتی دڕدۆنگی و بەدگومانی کچەکەی لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارێکی بێگانەدا کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری خۆی، پیاوێک بە چەکی ڕاو خۆشکەزاکەی خۆی دەکوژێت.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەیی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو دوو کچە کوژراوە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەرپرسانی قەزایی، کێشەی کوژراوەکان بە کێشەی بنەماكی دەزانن.