خۆی/ ١١ خوێندکاری کچ تووشی گازگرتوویی بوون

21:28 - 30 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی گازگرتوویی خوێندکاران لە خەوتنگەکانی شارەکانی کوردستانی خۆڕهەڵات، ئەمجارەیان ١١ خوێندکاری کچی زانکۆی شاری خۆی تووشی گازگرتوویی بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شەوی ڕابردوو ١١ خوێندکاری کچی زانکۆی خۆی لە خەوتنگەی \"پروین اعتصامی\" تووشی گازگرتوویی بوون و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون.

سەفەر وەلی‌زادە بەرپرسی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری خۆی، ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی سەرماوەز، لەو پەیوەندییەدا بە ماڵپەڕی حکوومەتیی\"ئیرنا\"ی وت:\" گازگرتوویی ئەو کچانە بەهۆی تەشەنە کردنی گازی مۆنۆ ئۆکسیدی کەربۆن بووە.\"

هەروەها، مەحموود حەسەن‌پووڕ جێگری تۆڕی بێهداشت و دەرمانی شاری خۆی ڕایگەیاندووە کە ٨ کەس لەو کچانە دەستبەجێ چارەسەرییان بۆ کراوە و ٣ کەسیان خراونه‌تە ژیر چاوەدێری ورد و تایبەتی پزیشكی و پاش دڵنیا بوون لە بە دەستهێنانەوەی تەندروستییان ڕەوانەی ماڵەوە کراونه‌تەوە.\"

لە خەوتنگەی خوێندکاریی \"پروین اعتصامی\" ١٥ کچی خوێندکار دەژین کە لەو ڕووداوەدا ١١ کەسیان تووشی گازگرتوویی بوون.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووداو لە دوو ڕووداوی جیاجیادا لەپارێزگای ئیلام ٤ خوێندکار لە شارەکانی ئیلام و سەراولە بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لە دەست دابوو.

ژماره‌ی دانیشتووانی شاری خۆی له‌ سەرەوەی ٣٥٤ هەزار کەسه‌ و لەمەودای ١٣٢ کیلۆمێتری باکووری شاری ورمێی ناوەندی پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە.