خۆڵبارین ژیانی قوتابیانی قوتابخانەکانی دێهلۆڕانی تاڵ کردووە

14:22 - 1 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی شەپۆلێکی خاک و خۆڵبارین لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاووڵاتییان تووشی گیروگرفت بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی ئاخبارانی زۆر لە شاری دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام کە لە هەندێک شوێندا، ئاستی بینین گەیشتووەتە ١٠٠ میتر، قوتابیانی قوتابخانەکانی ئەو شارە لە کاتی خوێندنی وانەکانیان بە ماکسەوە لە قوتابخانە ئامادە بوون.

هەواڵدەریی ئیسنا، پارێزگای ئیلام، لە زاری بەرپرسی ژینگەپارێزی شاری دێهلۆڕانەوە بڵاوی کردەوە کە، ڕێژەی خاک و خۆڵبارین لەو شارە لە کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆوە ١٦٤٤میکرۆگرەم لە میتری چوار گوشە بووە.

عەلیڕەزا نەسووری، لە درێژەدا دەڵێت: خەستی ئەو ئاخبارانە لە شاری دێهلۆڕان، ١١ قات زیاتر لە پێوەری دیاریکراو بووە؛ ناوبراو هەروەها بارودۆخی ئەو شارەی بە قەیراناوی وەسف کرد.

پارێزگای ئیلام کە لە خۆیدا وەکوو بێبە‏ریترین شوێن بە بەروارد لەگەڵ پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران دێتە ئەژمار، ماوە بە ماوە تۆز و خۆڵیش ڕووی تێدەکات.

وردیلەکانی تۆز و خۆل، بە دەیان جۆر نەخۆشین و بە تایبەت شێرپەنجە، بە دوای خۆیاندا دێنن و بە وتەی پزیشکەکان، نەخۆشینی شێرپەنجە لە پارێزگای ئیلام بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە زیاد بوون کردووە.