خۆکۆژی لە کوردستان ناسنامەی قەیرانی کۆمەڵایەتییە

14:19 - 24 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: خۆکوژییەکان لە کوردستانی ئێران درێژەی هەیە و خۆکوژی سنووری قەیران و مەترسی لە کوردستاندا تێپەڕ کردووە و ئەو کێشەیەش بێ چارەسەر ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە مانگی ڕابردوو ٣ ژن وکچ لە شار بۆکان سەر بە کوردستانی ئێران خۆیانیان کوشتووە و ئەو خۆکوژیانەش سەرەڕای هۆشداری بەرپرسانی پێوەندیدار بەردەوامن.

هاوکات لەگەڵ قەیرانە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆکوژی ژنان وکچانیش بێ ناوبڕدرێژەی هەیە وبەپێی زانیاریەکان تەنیالە مانگی ڕابردوو لە شاری بۆکان ۳ ژن وکچ بە شێوەی جۆراوجۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەواڵنێری کورد ڕایگەیاندووە لە دوایین کەس کە خۆکوژی کردووە کچە خوێندکارێکی ۲٤ساڵان بەناوی \"درەخشان .میم \"بووە کە ئەو ناوبراو خوێندکاری زانکۆی \"علمی کاربردی\" شاری بۆکان بووە.

ناوبراو حەوتەی ڕابردوو بە هۆکارێکی نادیار بەپشتێندی دایکی خۆی هەڵدەواسێت و تەرمەکەی به مردووی لە ژوورەکەیەدا دەدۆزرێتەوە.

دیاردەی خۆکوژی تایبەت بە هیچ وڵات و شار و ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئەم دیاردە سنووری هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی لە حاڵی گەشە و تەنانەت لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایشی گرتووەتەوە و دیاری کردنی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو وڵاتان بەپێی هەوڵکەوتەی جوغرافیایی و پێشکەوتوویی بەپێی ئامارەکان بەرز و نەوی دەبێتەوە.

دەرئەنجامی خۆکوژی ئەمڕۆ لە ئێران و کوردستان هەر شتێک بێت شوێنەوارێکی نەرێنی لە سەر باری دەروونی و ڕۆحی بنەماڵەی و کەسە نزیکەکانی خۆکوژەکە داناوە و پێشگرتن و کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی کە هەموو کۆمەڵناسان و دەروونناسان تێیدا دۆش داماون و تەنیا بە هۆی پەرەسەندووی ئابووری و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و باوەڕبەخۆبوونی تاکەکەکانی کۆمەڵگایە، کە دەتوانێ شوێندانەری لە سەر کەسەکان بێت و خۆکوژی کەم بکرێتەوە.