خۆکوژی کۆڵکێشێکی سەقزی پاش دەسبەسەرداگرتنی شتومەکەکەی

22:27 - 12 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەقز، پاش دەسبەسەرداگرتنی شتومەکەکەی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، دەستی دایە خۆکوژی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵکێشێکی کورد بە ناوی \"خەلیل عیبادی\" تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی گەڕەکی \"تەپی ماڵان\"ی شاری سەقز، پاش دەسبەسەرداگرتنی شتومەکەکەی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ئەو هاوووڵاتییە کوردە کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خەریکی کاری کۆڵبەری و کۆڵیشی بۆ خەڵک بووە پاش ئەوەی کە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کەلوپەلەکانیدا دەگیرێ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئەم ڕووداوە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ ڕووی داوە و تەرمی ناوبراو ڕۆژی دواتر لە شاری سەقز بە خاک ئەسپێردرا.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، خەلیل عیبادی، زۆربەی کات بۆ کاسبکاران و کۆڵبەرانی شارەکانی سەقز و بانە، بە پارە خەریکی کاری کۆڵکێشی بووە.

ناوبراو خێزاندار و خاوەنی چەند منداڵە.