خۆکوژی کچێکی ١٥ ساڵ خەڵکی شاری بانە

22:14 - 13 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی خۆکوژییەکان لە نێو مێرمنداڵان لە شارەکانی کوردستانی ئێران، کچێکی مێرمنداڵ خەڵکی شاری بانە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٣ی جۆزەردان، کچێکی مێرمنداڵ خەڵکی شاری بانە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو کچە بە ناوی \"سروە ڕەحیمی\" ڕاگەیەندراوە.

هەتا ئێستا هۆکاری کۆتایی هێنانی ژیانی ئەو کچە مێرمنداڵە ڕانەگەیەندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، دوانێوەڕۆی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردان، دوو خوشک خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی \"ئامێنە سەعیدی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و \"خەدیجە سەعیدی\" تەمەن ٣٥ ساڵ، دەستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆی هێنا.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا بە ئەژمار دێن.