خۆکوژی ژنان و پیاوان لە کوردستان

15:32 - 20 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: خۆکوژی لە کوردستان سنووری کێشەی تێپەڕاندووە و چووەتە چوارچیوەی دیاردە و ئەمڕۆ کارناسانی بواری دەروونی، کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی وەکوو دیاردەیەک چاوەی لێ دەکەن و لە چارەسەر کردن و پێشگرتنی دەستەوەستان ماون.

خۆکوژی مێژووەکەی، مێژوویەکی دوور و درێژەی هەیە، ئەم مێژوویە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و پێش سەدی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە و ئەمەش هۆکارێک بووە و دەرباز بوون لە کێشە و گرفتەکان و هەلی لە دەستچووی کەسەکان و بەم شێوەی خەڵک لە جێگای چارەسەرکردنی گرفتەکان و غرووری لە دەستچوویان هانایان بۆ خۆکوژی بردووە، وشەی خۆکوژی پێشتر بە \"کشتن خود یان قتل\" ناوی لێ دەبرا، بەڵام وشەی خۆکوژی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٦٥١ی زایینی هاتووەتە ناو ئەدەبیاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەم وەشەیە بە پێی تێروانینی کەسەکان ئاڵۆگۆڕی بە سەردا هات و بە جێگەی قەتل یان کوشتنی خۆی بوو بە خۆکوژی.

ئەمڕۆ دیاردەی خۆکوژی فرەڕەهەند و فرەلایەنە و هەر کەسێک بە جۆرێک ئاوڕی لێ دەداتەوە و پێناسەی دەکات و پێناسە کردن و دەستنیشان کردنی ئەم قەیرانە بۆ هۆکارەکانی وەک، بێکاری، کۆمەڵایەتی، هەژاری و دەستکورتی و دیاردە دژەباوەکانی نێو کۆمەڵگا و تەنانەت زۆربوونی ڕێژەی حەشیمەت دەگەڕێنەوە.

دیاردەی خۆکوژی تایبەت بە هیچ وڵات و شار و ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو ئەم دیاردە سنووری هەموو وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی لە حاڵی گەشە و تەنانەت لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایشی گرتووەتەوە و دیاری کردنی ڕێژەی خۆکوژی لە نێو وڵاتان بەپێی هەوڵکەوتەی جوغرافیایی و پێشکەوتوویی بەپێی ئامارەکان بەرز و نەوی دەبێتەوە.

ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لە ڕووی ڕێژەی خۆکوژییەوە لە چاو وڵاتانێکی فرەحەشیمەت وەک چین و هندوستان زۆرترین ڕێژی خۆکوژی تێدا ڕوو دەدات و لەو نێوانەشدا، پارێزگاکانی کوردستان وەک ئیلام ، سنە و کرماشان لە چاو پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە پلەی یەکەمیان لە ڕێژەی خۆکوژی لە ناو هاووڵاتییان تۆمار کردووە و تەنانەت پارێزگایەک وەکوو ئێلام بە پارێزگای خۆکوژەکان ناسراوە.

پارێزگاکانی کوردستان بە هۆی کەمی خزمەتگوزاری و تەرخان نەکردنی بوودجەی پێویست بۆ ئاوەدان کردنەوەی و ڕێژەی بێکاری و هەروەها دواکەوتووی کۆمەڵایەتی و کەمی زانستی سیاسی، ڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، شایەتی خۆکوژی ژنان، پیاوان و تەنانەت مێرمنداڵانیش دەبین تەنانەت لەو پەیوەندییەدا، چەند قوتابی لە شارەکانی کرماشان و ئیلام لە نێو قوتابخانەکاندا دەستیان بە خۆکوژی داوە.

خۆکوژی ئەمڕۆ وەک دیاردەیەک لە نێوهاووڵاتییانی کوردستان، لە ڕێگا و شێوازە جۆراوجۆرەکاندا خەریکە پەرە دەستێنێ و بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٧ حاڵەتی خۆکوژی ڕوویان داوە و بێجگە لە دوو کەسیان کە ڕزگار کراون، لە کۆی ئەو ٢٥ کەسە، ١١ کەس لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٧ کەس لە ڕێگای خۆسووتاندن، ٢ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج، دوو کەس بە هۆی خۆهەڵدانە خوار لە سەر شاخ و ٢ کەسی دیکە بە هۆی خۆخستنە ناو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لە ٢٧ کەسە ٥ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە.

هادی نەقدی چالاکی مەدەنی و دەروونناس خەڵکی شاری سەقز، لەو باوەڕە دایە کە دیاردەی خۆکوژی لە ئیدز و گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر جیایە و بە جێگای شاردنەوەی دەبێ بە میدیایی بکرێت. دیاردەی خۆکوژی ئەوەندە پرسێکی هەستیارە کە تەنانەت هاودەردی کردن لەگەڵ کەسی خۆکوژ لە بنەماڵە و لە لای منداڵان و لاوەکان دەشێت پەیامێکی خرابی لێ بکەوێتەوە.
بە بڕوای ئەو کۆمەڵناسە، بە جێگای قسە کردن لە دیاردەی خۆکوشتن دەبێ قسە لە سەر پێشگرتن بکرێت و ئەویش نە تەنیا لە لایەن ناوەندێکی دیاریکراو بەڵکوو لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ پێشگرتن هەنگاوی بە کردەیی هەڵبگیردرێت.

هەروەها شەهین محەممەدی دەروونناس لەو باوەڕە دایە، کە زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژی گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ئێستادا وەک نەخۆشییەکی گشتگیر سەیر دەکرێت، بۆیە بەداخەوە هەواڵی خۆکوشتنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بنبڕکردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت.

دەرئەنجامی خۆکوژی ئەمڕۆ لە ئێران و کوردستان هەر شتێک بێت شوێنەوارێکی نەرێنی لە سەر باری دەروونی و ڕۆحی بنەماڵەی و کەسە نزیکەکانی خۆکوژەکە داناوە و پێشگرتن و کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی کە هەموو کۆمەڵناسان و دەروونناسان تێیدا دۆش داماون و تەنیا بە هۆی پەرەسەندووی ئابووری و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و باوەڕبەخۆبوونی تاکەکەکانی کۆمەڵگایە، کە دەتوانێ شوێندانەری لە سەر کەسەکان بێت و خۆکوژی کەم بکرێتەوە.