خۆکوژی پیاوێکی ناڤساڵ لە شاری کامیاران

13:32 - 4 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی خۆکوژییەکان لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پیاوێکی ناڤساڵ لە شاری کامیاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی گوندی \"کڵاتێ\" سەر بە شاری کامیاران بە ناوی \"ئەحمەد فەیزی\" کوڕی عەبدولکەریم خۆی کوشت.
ئەو پیاوە ناڤساڵە خێزاندار و خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە.

دەوترێ، ئەو پیاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، خۆی خستووتە نێو بەنداوی \"زیویە\" و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ٢٤ی سەرماوەز، ژنە چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە ناوی \"ڕووقیە سەعیدی\"، هەوڵی خۆکوژی دا و پاش دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز گیانی لە دەست دا.

ئاکامی خۆکوژی ئەمڕۆ لە ئێران و کوردستاندا هەر شتێک بێت، شوێنەوارێکی نەرێنی لە سەر باری دەروونی و ڕۆحی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خۆکوژەکە داناوە و پێشگرتن و کەمکردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی کە هەموو کۆمەڵناسان و دەروونناسان تێیدا ماون و تەنیا بە گەشە کردنی بواری ئابووری و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و باوەڕبەخۆبوونی تاکەکەکانی کۆمەڵگەیە دەکرێت پێش بەم دیاردە نالەبارە بگیردرێت و کەم بکرێتەوە.