خۆکوژی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری کامیاران

13:45 - 3 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری کامیاران بە هۆی نەداری و دەستکورتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٢ی سەرماوەز، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی\"خامسان\" سەر بە شاری کامیاران دەستی دایە خۆکوژی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران شوناسی ئەو لاوە کوردەی بە ناوی \"ئارمان مورادی\" تەمەن ٢٢ ساڵ ڕاگەیاندووە.

\"\"بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو لاوە کوردە بە هۆی نەداری و دەستکورتی بنەماڵەکەی دەستی داوەتە خۆکوژی و کوتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. هەروەها ئەوە سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئارمان تەمەن ٢٢ ساڵ لە یەکێک لە شاخەکانی نزیک گوندی خامسان خۆی کوشتووە.

بەپێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٧ حاڵەتی خۆکوژی ڕوویان داوە و بێجگە لە دوو کەسیان کە ڕزگار کراون، لە کۆی ئەو ٢٥ کەسە، ١١ کەس لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٧ کەس لە ڕێگای خۆسووتاندن، ٢ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج، دوو کەس بە هۆی خۆهەڵدانە خوار لە سەر شاخ و ٢ کەسی دیکە بە هۆی خۆخستنە ناو ئاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و لە ٢٧ کەسە ٥ کەسیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە.