خۆکوژیی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە ناوچەی سەقز

13:56 - 26 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەقز بە هۆکارێکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵەی خەڵکی گوندی \"قەڵاکۆن\"ی سەربە بەخشی زێویەی شاری سەقز، رۆژی رابردوو رێکەووتی ٢٥ خاکەلێوە هەوڵی خۆکوژیی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ناوی ئەو کچە تەمەن ١٤ ساڵەیە، ئیلاهە زارعی\" راگەیاندراوە، کەلە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها رۆژی ٢٢ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیش لە گوندی خانەقای سەربە شاری سەقز منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی \"میلاد رەنجبەری\" کە کوڕە پووری ئەم کچە تەمەن ١٤ ساڵەیە بوو، لە کاتی یاری کردندا و بەهۆی لاسایی کردنەوەی چۆنیەتیی لە سێدارەدان، گیانی لەدەست دا.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی \"ئیلاهە زارعی\"ی خەڵکی گوندی قەڵاکۆنی شاری سەقز روون نەبۆتەوە و تەرمەکەشی بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سنە کراوە.

شاری سەقز، کە بە دووەمین شاری گەورەی ئوستانی کوردستان دێتە ئەژمار، پزیشکی دادوەریی تێدا نییە و تەرمی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی گوماناوی گیان لەدەست ئەدەن و هەروەها بۆ روون بوونەوەی هۆکاری مردن رەوانەی شاری سنە دەکرێن و تێچووی ئەم کارەش لەسەر شانی بنەماڵەکان دەبێت.