خۆکوژیی ژن و پیاوێکی خێزاندار لە سەقز و دێولان

20:20 - 14 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: ژن و پیاوێکی کورد بە هۆی کێشەی هەژاری و خێزانییەوە لەشارەکانی سەقز و دێولان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‏شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، ژنێک بەناوی لەیلا و تەمەن ٣٧ ساڵ، لەیەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەقز، لە نێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، ئەو ژنە کە دانیشتووی گەڕەکی چوارڕێیانی ئازادیی سەقز بووە، بەهۆی کێشەی ئابووری و هەژارییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەیلا دایکی دوو منداڵی تەمەن ٦ و تەمەن ١٢ ساڵان بووە و لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، هاوژینەکەی لە بەدەستهێنانی بژیوی ژیانەکەیان تووشی گرفتی جیددی بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کێشەی خێزانی لە گوندی \"کروندان\"ی شاری دێولان، خۆکوژیی پیاوێکی خێزانداری بەناوی \"خەبات\" لێ کەوتەوە.

ئەو پیاوە کە باوکی دوو منداڵیش بووە، ڕۆژی دووشەممەی ئەم حەوتوویە خۆی کوشتووە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە خەبات بەهۆی کێشە لەگەڵ زڕباوکی لەسەر کێشەی ئابووریی بنەماڵە، بە شێوەی خۆهەڵواسین، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەوڵی خۆکوژیی هاووڵاتیانی خێزاندار، بە بۆچوونی کۆمەڵناسان و دەروونناسان دەگەڕێتەوە بۆ \" سیاسەتی هەڵەی حەشیمەتی لە ڕابردوودا، بە بێ گرینگی‏دان بە پێداویستییەکانی ئەو توێژە\".

بەپشت‏بەستن بە وریا کردنەوەکانی ئۆرژانسی کۆمەڵایەتیی وڵاتی ئێران، پارێزگاکانی ئیلام، سنە و کرماشان زیاترین نێونجی خۆکوژییان لە ئاستی ئێراندا تێدا تۆمار کراوە.