خۆکوژیی ژنێکی سەردەشتی لەترسی لێدانی برا و مێردەکەی

19:41 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، لە ئەنجامی کێشەی خێزانی‌دا، لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی خستە خوارەوە وگیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا وبە وتەی شایەتحاڵێک؛ ژنێک بەناوی شیلان ئیبراهیمی خەڵکی گوندی \"دۆڵەگەرم\"ی ناوچەی سەردەشت، بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن براو مێردەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان و کوتان بوویەوە، لە سەربانی ماڵەکەیان خۆی فڕی داوەتە خوارێ و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، شیلان ئیبراهیمی، کە هاوسەری کەسێک بەناوی \"رەحمان\" بووە، لە ماوەی رابردوودا دوو جار داوای تەڵاقی لە مێردەکەی کردبوو، بەڵام رەحمان هیچ وەڵامێکی نەدابوویەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: شیلان کە کوڕێکی خەڵکی گوندی \"ئەسپەمێز\"ی دراوسێی گوندەکەی خۆیانی خۆش ویستووە، پاش ئەوەی مێردەکەی هیچ وەڵامێکی نەدابوویەوە، رووی لە ماڵی ئەو کوڕە کردبوو.

گوتیشی؛ دوابەدوای ئەوەی ئەو کوڕە شیلانی رەوانەی ماڵی باوکی کردبوویەوە، لەلایەن برا و مێردەکەیەوە بەتوندترین شێوە بەرەوڕووی لێدان و ئەشکەنجەی جەستەیی بوویەوە و هەر بەو هۆیەوە شیلان خۆی لەسەربانی ماڵەکەیان فڕی داوەتە خوارێ و پاش دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت مەهاباد، بەهۆی پژانی مێشکییەوە گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت؛ تەرمی شیلان بە مەبەستی لیکۆڵینەوە رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە و هەتا ئێستاش هیچ‌کەس لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە.

بە باوەڕی زۆربەی چالاکانی مافی ژنان، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی شیاو کە داکۆکی لە مافی ژنان بەتایبەت بۆ تەڵاق وەرگرتن لە مێردەکانیان بکات، ژنان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە ماڵەوە هەڵدێن و یان پەنا بەر خۆکوشتن و خۆسووتاندن دەبەن.

ئازەر تاهیرئابادی رۆژنامەنووس و چالاکی ژن لە شاری کەنگاوەر لەو باوەڕە دایە: \" نه‌بونی متمانه‌به‌خۆ و نا‌ئاگایی ژنان و نه‌بونی ئۆمێد به‌ژیان له‌کۆمه‌ڵگەدا، نه‌بونی ناوەندێکی تایبه‌ت بۆ داکوکی له‌و ژنانه‌که‌توشی کێشه‌ده‌بن، یاسا ی نامروڤانه‌ی دژه‌ژن به‌جۆرێک که‌هیچ لێپرسینەوەیەک‌له‌و که‌سانه‌ی که‌ئه‌بنه‌هۆکاری سه‌ره‌کی خۆکوژی ژنان و یان کوشتنی ژنان، لە ئێراندا نییە، هەر بۆیە ئەو ژنانەی بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە بە ناچاری پەنا بۆ خۆکوشتن دەبن.