خۆکوژیی ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە شاری بۆکان

16:07 - 28 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵەی خەڵکی شاری بۆکان بە هۆی کێشە بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆ کوژیدا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیشتمان قوربانی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە ئەنجامی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی، دەستی داوەتە خۆ کوژی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی نیشتمان قوربانی دایکی منداڵیک بووە کە لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی داوە و گیان لەدەست دانی ناوبراویشی لێکەوتۆتەوە.

دەگوترێت کە نیشتمان قوربانی هاوسەری کەسێکی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان بووە و بە بەردەوامی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بەرەوڕووی لێدان وئەزیەت کردن بووەتەوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە بڵاوبوونەوەتە، ٥٠ لەسەدی تاوانکاری و توندوتیژیی بنەماڵەیی پەیوەندییان بە بەکار هێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە و ئەو توندوتیژییانە لەلایەن کەسانی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەنجام ئەدرێن کە لە زۆربەی حاڵەتەکانی تووندوتیژیدا، کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر کەسی نزیکی خۆیان وەکوو هاوسەر، دایک و خوشکی خۆیان دەکووژن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رەزبەرەوە هەتا ئێستا سەرجەم ١٨ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٩ کەسیان ژن و ٩ کەسیشیان پیاو بوون.