خۆکوژیی پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ و کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە ورمێ

16:24 - 11 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندەکانی شاری ورمێ بەهۆی هەژاری و خەمۆکییەوە هەوڵی خۆکوژییان دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵەی خەڵکی گوندی \"قەسرێک\"، لە رۆژی ٨ی مانگی بانەمەڕ هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی دانیشتوانی گوندی قەسرێک، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هەتا ئێستا ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

هەروەها لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی \"سەلیم بەگ\"هەوڵی خۆکوژی داوە.

ناسنامەکەی ئەو کچە هەتا ئێستا بۆ کوردپا روون نەبۆتەوە، کە بەهۆی کێشەی دەروونی و خەمۆکی‌یەوە لە رێگەی خۆهەڵواسینووە هەوڵی خۆکوژی داوە و کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا رێژەی خۆکوژی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە زیادبوون کردووە، کە ناوەندە حکوومەتییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ هۆکارەکانی ئەو خۆکوژییانەدا بچووکترین هەڵوێستیان نەنواندووە.