خۆکوژیی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە ئیلام

14:15 - 25 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵەی ئیلامی دوابەدوای دروست بوونی کێشە لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستی دایە خۆکوژی.

ماڵپەڕی \"ئیلام\" بڵاوی کردەوە، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ ئەو قوتابییە پاش ئەوەی کە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناچار بە دەرس خوێندن کرابوو، خۆی هەڵواسیوە و پاش چەند خولەک رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

ئەو قوتابییەی پۆلی ٢ی دواناوەندی پاش ئەو هەوڵە خۆکوژییە، هەتا ئێستا بێهۆشە و ئەگەری مردنی لە ئارا دایە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ و قوتابیی پۆلی ٥ی سەرەتایی لە شاری ورمێ بەمەبەستی گوشار خستنەسەر باوکی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەرپرسی دەفتەری پێشگیریی لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی رێکخرای بێهزیستیی ئێران راگەیاندووە، ئاماری خۆکوژی لە وڵاتی ئێراندا ٦کەس بە ١٠٠ هەزار کەسە، بەڵام بەپێی دوایین ئامارەکان ئوستانی ئیلام لەو رێژەیە زۆر زیاترە و بەم پێیە ئەو ئوستانە بەنیسبەت دیاردەی خۆکوژی لە وڵاتی ئێراندا پلەی یەکەمی هەیە.

هەروەها بەپێی دوایین ئامارەکان، لە هەر رۆژێکدا ١٣ حاڵەتی خۆکوژی لە وڵاتی ئێران روو ئەدات کە نێونجی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٩ ساڵ دایە.

رێکخراوی بێهزیستی ئوستانی ئێلام لە توێژێنەوەیەکدا کە لەگەڵ قوتابیانی شاری ئابدانانی ئوستانی ئیلام ئەنجامی دابوو، قوتابیان سەرەکیترین هۆکاری خۆکوژییان بۆ کێشەی ئابووری گەڕاندبۆوە.

ئەو توێژینەوەیە کەلەگەڵ ١٥٦ قوتابیی کوڕ و کچی پۆلی ٣ی دواناوەندی ئەنجام دراوە، دەری دەخات کە ٤٩% یان بیری خۆکوژییان لە میشک دا هەبووە.