خۆکوژیی لە ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە

14:53 - 6 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕەوتی خۆکوژیی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستانی ئێران سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و تەنیا لە ماوەی یەک حەتوودا ٥ هاووڵاتی لە کوردستانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لاوێکی شاری شنۆ بە شوناسی “الف. میم” لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو لاوە تەمەن ٢٥ ساڵه دانیشتووی گەڕەکی ڕەحیم‌ئاباد بووە و تا ئێستا هۆکاری خۆکوژییەکەی ناڕوونە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەلاح شەریفی\" خەڵکی شاری مەهاباد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، لە شارەکانی سەردەشت، مەهەباد و بانە چەند کەس لە هاووڵاتییانی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

کارناسانی بواری دەروونناسی نیگەرانیی خۆیان لە هەمبەر زیاد بوونی رێژەی خۆکوژی لە ئێراندا دەربڕیوە و لەو باوەڕەدان کە دۆخی تەندروستی، خەمۆکی، دەستکورتی ئابووری و بێکاری لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە ئێراندان.

بەگوێرەی ئاماری ناوەندە دەوڵەتییەکانی رێژیمی ئێران تەمەنی خۆکوژی لە ئێراندا لە نێوان ١٥ هەتا ٢٤ ساڵ دایە و پاش رووداوی هاتوچۆ، خۆکوژی دووهەمین هۆکاری مەرگی خوێندکارانی ئێرانییە.