خۆکوژیی لاوێکی کورد لەناوچەی ورمێ‌

13:46 - 17 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی تەمەن ٣١ ساڵ لەیەکێک لە ئاواییەکانی سەر بە شاری ورمێ‌کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦‌ی رەشەمە هاووڵاتییەک بە ناوی مەهدی قاسمی کوڕی ئیسماعیل و خەڵکی ئاوایی \"بالا\"‌ی ناوچەی ورمێ‌بە زەبری چەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

مەهدی قاسمی خێزاندار و باوکی دوو کچ بووە، کە بە چەکی تاپڕ هەوڵی خۆکوژی داوە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەر لەدرێژەی بەردەوامیی خۆکوژیی لاوانی کوردا، شەوی دووشەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمە لاوێک بەناوی عارف قادری، تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی لوقمان قادری، کە خەڵکی پیرانشار بوو، لەناو ماڵەکەی خۆیاندا خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خۆکوژیی لەکوردستان زیاتر‌وەک دیاردەیەکی‌کۆمەڵایەتی لێهاتووە و کۆمەڵناسان لەپێناسەکەیدا دەڵێن: خۆکوژی‌بە شێوەیەک لە مردن دەوترێ‌کە راستەوخۆ‌یان ناڕاستەوخۆ دەرئەنجامێکی‌دیار ‌و بەرچاوی‌هەیە و کەسی ئەنجامدەر بۆ خۆشی‌ئاگاداری‌ئاکامی‌کردەوەکەی‌خۆیەتی‌.

هەر لەو پێوەندییەدا \"ئیمیل دوورکهایم\" داهێنەر و دامەزرێنەری‌کۆمەڵناسیی‌مۆدێڕن، بە شێوەیەکی‌زانستیانە باس لەخۆکوژی‌دەکا‌ت و لەو باوەڕەدایە، خۆکوژی‌کردەوەیەکی‌تاکەکەسی ‌‌و کۆمەڵایەتییە و دەکرێت‌بەبێ‌لەبەر چاوگرتنی هۆکاری تاکەکەسیی ئەو کەسەی هەوڵی خۆکوژی ئەدات، لێکۆڵینەوەی‌کۆمەڵناسییانەی‌بۆ بکرێت.

ئەو وتانە لەحاڵێکدایە کە زۆر جار بنەماڵە و یاساکانی حاکم لەکۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا بەبێ‌لەبەر چاوگرتنی هۆکارەکانی خۆکوژی، چاوپۆشی لەلایەنە زانستییەکەی دەکەن و تەنانەت نایانهەوێ‌مەسەڵەی خۆکوژی میدیایش بکرێت.

هەنووکە خۆکوژی وەک کێشەیەکی‌کۆمەڵایەتی‌بەرۆکی‌کۆمەڵگەی کوردستانی گرتۆتەوە و دەڵێین،\" خۆکوژی‌لە ئاکامی‌کێشە کۆمەڵایەتی ‌‌و تێکچوونە دەروونییەکانی‌مرۆڤەوە سەر هەڵد‌ەدات ‌و لە کوردستاندا بە یەکێک لەکێشە گرینگەکان دەژمێردرێ ‌‌و پێویستی‌بە لێکۆڵینەوە، خەسارناسی‌‌و بەدواداچوون هەیە.

بە باوەڕی کۆمەڵناسان، لەگەڵ‌ئەوەی‌کە خۆکوژی‌پێوەندیی‌بە بڕیاری‌تاکەوە هەیە، بەڵام سەرچاوە یان هۆکارەکەی‌تەنیا بڕیارە تاکەکەسییەکان نین ‌و ناکرێ‌بە بێ‌لەبەرچاوگرتنی‌پێکهاتە کۆمەڵایەتیی و یاساییەکانی وڵاتێک‌و کاریگەرییان لەسەر تاک، باس لە هۆکارەکانی‌خۆکوژی‌بکرێ‌.