خۆکوژیی ٣ لاوی کورد لە ماوەی ٣ رۆژدا

13:38 - 24 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: رێژەی خۆکوژی لە نێو لاوانی کورددا رووی لە زیاد بوون کردووە و لەماوی کەمتر کە یەک حەوتوودا سێ لاوی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سێ رۆژی کۆتایی حەوتووی رابردوودا سێ لاوی کورد کە دوو کەسیان کچ بوون کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرەوە رایگەیاند کە رۆژی چوار شەممە ٢٠ی جۆزەردان، لاوێکی تەمەن ١٩ساڵە بە ناوی\"هادی حەیدەری\" خەڵکی گوندی \"گوڵانە\" سەر بە شاری دیواندەرە بە هەڵواسینی خۆی بە پەتی سێدارە خۆی کوشتوە و هەتا ئێستا هۆکاری خۆ کوژیەکەی روون نەبووەتەوە.

لە لایەکیترەوە، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی \"ئاڵان رەزاپوور\" رۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردان، بە هۆی کێشە‌ی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

دەوترێ، ئەو هاووڵاتییە کە کوردە خێزاندارە و منداڵێکی ٥ مانگەی هەیە، بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لە دەستداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، رۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردان، کچێکی تەمەن ١٧ساڵە بە ناوی \"مەرزیە ئەحمەدی\" خەڵکی \"قەلەڕەشی\" شاری سەردەشت خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئاماری خۆکوژییە سەرکەوتووەکانی هاووڵاتییانی کورد بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و لەو پێوەندییەدا ناوەندە حکوومەتییەکان هیچ هەڵوێستێکیان لە مەڕ دۆزینەوەی هۆکار و پاڵنەرەکانی خۆکوژی لە خۆ نیشان نەداوە.

هەژاری، بێکاری و نەبوونی دەرەتانی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە کۆمەڵێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی هەژمار دەکرێن.