خۆکوژیی ٢ لاوی کورد لە شارەکانی خۆی و شنۆ

19:13 - 6 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی خۆی و شنۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا هەوڵی خۆکوشتنیان داو بەو هۆیەو ەگیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی بەفرانبار، لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەی شنۆیی بەناوی \"رزگار ئیسماعیلی\" و کوری عەبدوڵڵا و دانیشتووی \"سەیداوێ\"، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە، بە مەبەستی پشکنین گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە: ئەو لاوە کوردەی دانیشتووی گەڕەکی سەیداوێی شاری شنۆ بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە.

هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە، رێکەوتی ٦ی رێبەندان، کەسێکی تەمەن ٣٤ ساڵەی خەڵکی شاری خۆی بەناوی (ح.ر) لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٤ ساڵەیە، لە پردی کەمەربەندیی (حیجازی)ی شاری خۆی، خۆی هەلواسیوەو تەرمەکەشی گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی شاری خۆی.

دۆخی نالەباری ئابووری، بێکاریی لەرادەبەدەر، نەبوونی هیوا بە داهاتوویەکی گەش، هیوابڕاوی لەمەڕ گۆڕانکاریی دۆخی هەنووکەیی و سەرکوتی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنی نەتەوەیی و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوژی لە وڵاتی ئێراندایە.

هادی موعتەمیدی، دەروونناس و ئەندامی لیژنەی زانستیی زانکۆی \"علوم بهزیستی و توانبخشی\"ی تاران، سەبارەت بە چوونەسەرەوەی ئاماری خۆکوژی لە ئێران رایگەیاندووە: \"گرتنەبەری سیاسەتی هەڵەی زیادکردنی حەشیمەت بەبێ سەرنجدان بە پێداویستی و خواستی ئەو چینەی کۆمەڵگە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی خۆکوژی لە نێو لاواندایە، چونکە ئەو سیاسەتە لە ئێستادا لاوانی بەرەورووی کۆمەڵێک کێشەی وەک بێکاری، قەیرانی شوناس، ماددە هۆشبەرەکان، بە بنبەست گەیشتن کردۆتەوە.