خۆکوژیی سەربازێکی دیکەی کورد لە شاری شنۆ

13:00 - 30 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە پاسگای هێزە ئیتزامییەکانی شاری شنۆ سەربازێک بەناوی خوسرەو تەبتاج و کوڕی کەریم هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو سەربازە کوردە، خەڵکی شارۆچکەی \"نەڵۆس\" بووە، کە تەنیا چەند رۆژێکی مابوو دەورانی سەربازییەکی کۆتایی پێ بێت.

\"18414.jpg\"
دەگوترێت؛ خوسرە تەبتاج بە زەبری چەکی کڵاشینکف کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و هەتا ئێستاش هۆکاری ئەو خۆکوژییە روون نەبۆتەوە.

پێشتریش لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا سەربازێکی دیکەی ‌هێزی ئینتزامیی پاسگای \"نەڵۆس\"ی سەربە شاری شنۆ بە زەبری چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراون، رێژەی خۆکوژی لە نێو هێزە چەکدارەکاندا لە هەر ١٠٠ هەزار کەسدا ١٢ حاڵەتە، بەڵام ئەو رێژەیە لە نێو کەسانی ئاسایی‌دا ٩ حاڵەتە.

نارازی بوونی لە خزمەتی زۆرەملیی سەربازی، نەسازان لەگەڵ فەرماندە نیزامییەکان، هەڵچوون و کێشەی دەروونی پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ خۆکوژیی هێزە نیزامی و چەکدارەکان‌دا هەیە.