خۆکوژیی سێ کرێکاری تیکابی، بەهۆی دەرکرانیان لەسەر کار

19:52 - 7 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی دەرکرانی کۆمەڵێک لە کرێکارانی کانگەی زێڕی شارستانی تیکاب، سێ کەس لەو کرێکارانە بەهۆی کێشە و فشاری دەروونییەوە هەوڵی خۆکوژییان دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی بەفرانبار، ٣ کرێکار لە بەردەم کانگەی زێڕی \"ئاغ دەرە\"، بەهۆی فشاری دەروونییەوە، کە ئەنجامی دەرکرانیان لەسەر کار بووە، هەوڵی خۆکوشتنیان دا.

ئەو کرێکارانە لە ریزی ئەو کرێکارانەدا بوون، کە خاوەنکار بە بیانووی هاتنی وەرزی سەرما لەسەر کار دەری کردوون.

هەواڵدەریی کاری ئێران ناسنامەی دوو کەس لەو کرێکارانەی \"ی.ک\" و \"ی.ر\" راگەیاندووە، کە یەکێکیان هەتا ئێستا لە نەخۆشخانەی تیکاب لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا ماوەتەوە.

شیرکەتی \"پوویا زڕکان\"ی ئاغ دەرە، کە شیرکەتێکی سەر بە سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامییە، بە گەورەترین شیرکەتی بەرهەمهێنەری زێر لە کانگە زێڕەکانی ئێراندا لە قەڵەم ئەدرێت.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەتا کاتژمێر ٨ی دوێنێ شەو، ٤٠ کەس لە کرێکارانی دەرکراوی کانگەی زێڕی ئاغ دەڕە، کە هەموویان خەڵکی گوندی ئاغ دەڕەی سەروو بوون، لە بەردەم ئەو شیرکەتەدا کۆبوونەتەوە و خوازیاری گەڕانەوە بۆسەر کارەکانیان بوون.

سەرچاوە ناوچەییەکان، ژمارەی کرێکارانی ناڕازییان ٣٥٠ کەس لە قەڵەم داوە، کە لەلایەن خاوەنکارەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

دواکەوتنی هەقدەست، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و ئیزافەکاری، هۆکاری نارەزایەتی دەربڕینی کرێکاران بووە، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی دەرکرانی بەردەوامی کرێکاران بە بریاری خاوەنکار، ژمارەی کرێکارانی ئەو شیرکەتە لە ٥٥٠ کەسەوە بۆ ١٨٠ کەس کەمی کردووە، کە ٢٩ کەسیان نیگابانن.

دەگوترێ، کە ئەو کرێکارانە پێشینەی ١ هەتا ٥ ساڵ کار کردنیان لەو شیرکەتەدا هەیە.
\"23889.jpg\"

\"23890.jpg\"

\"23888.jpg\"