خۆکوژیی دوو ژن لە شارەکانی سەقز و بۆکان

14:25 - 12 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو ژنی کوردی خەڵکی ناوچەکانی سەقز و بۆکان بەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا؛ ژنێک بەناوی (مەهتاب خشتە) کچی سەلیم و تەمەن ٢٠ ساڵ بەهۆی کێشە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەی، هەوڵی خۆکوژی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ مەهتاب خشتە خەڵکی گوندی قادرئاوای باخچە بووە، کە لەگەڵ کوڕێکی خەڵکی گوندی \"ئایشێ گوڵان\"ی سەربە شاری بۆکان ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو.

سەرچاوەکە روونی کردەوە؛ مەهتاب بەر لە خۆکوژی لە رێگەی تەلەفۆنەوە باوکی ئاگادار کردۆتەوە، کە لەگەڵ بنەماڵەی هاوسەرەکەی کێشەی هەیەو پێی راگەیاندووە، کە دەمهەوێ بگەرێمەوە بۆ ماڵی خۆمان، بەڵام باوکی گوتوویەتی کە نابێ کاری وا بکەی و لە ئەنجامدا ناوبراو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

\"18572.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا؛ ژنێکی خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز بەهۆی کێشە بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژیدا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە، کە شوناسی بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە، دایکی دوو منداڵی تەمەن ٦ و ٣ ساڵان بووە، کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی رەشەممە لە رێگەی خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

چالاکانی ژن یەکێک لە هۆکارەکانی لە سەرێ بوونی رێژەی خۆکوژیی ژنان، بۆ نزم بوونی ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتووی کۆمەڵگەی خێڵەکی و نەریتی دەگەڕێننەوە و لەو باوەڕەدان، کە ژنان لە منداڵییەوە بەو شێوەیە فێر دەکرێن کە لەهەمبەر توندوتیژی، دەستدرێژی، لێدان و ئەشکەنجەدا، تەنیا بەناوی پاراستنی حەیاوە و حورمەتەوە بێ دەنگی هەڵبژێرن، لە وەها حاڵەتێکش دایە کە ژنان بەردەوام هەست بەبێ حورمەتی و سووکایەتی دەکەن و بە ناچاری بۆ دەربازبوون لەو دیاردەیە، پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن.