خۆکوژیی دوولاوی کورد لە شارەکانی شنۆ و دیواندەرە

15:30 - 2 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی شنۆ و دیواندەرە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی خۆکوژییان داو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی شنۆ لە ئەنجامی \"کێشەی بنەماڵەیی\"دا، هەوڵی خۆکوژیی داوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ ناوی ئەو لاوە کوردەی ئەحمەد پیری کوڕی رۆستەم راگەیاندووە و وتوویەتی: لە بەرە بەیانیی رۆژی ٢٨ی جۆزەرداندا خۆی کوشتووە.

دەگوترێت ئەوە لاوە تەمەن ٢٤ ساڵەیە خەڵکی گوندی \"مەلا عیسا\"ی سەربە ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆ بووە، کە لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی هەینی رێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان، لاوێکی خەڵکی ناوچەی دیواندەرە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی خۆکوژیی داوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا ناوی ئەو لاوە کوردەی برایم فەتاحی گوندی \"میرسەیدی\"ی کەرەفتووی سەربە بەخشی کەرەفتووی دیواندەرە راگەیاندووە، کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەتا ئێستا چۆنیەتیی خۆکوژیی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی گوندی میرسەیدیی سەربە شاری دیواندەرە بۆ هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ٣٧ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، کەلە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ١٩ کەسیان ژن بوونە.