خۆکوژیی خوێندکارێکی کورد لە شاری سنە

18:10 - 27 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوشتنی خوێندکارێک لە شاری سنە رێژەی قوربانیانی دیاردەی خۆکوژی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا گەیشتە ١٨ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە ریکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ هاوولاتییەک بەناوی \"محەممەد نبی مەلەکی\" ناسراو بە (خەبات) خەڵکی شاری سنە، خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵەیە، خاوەن بڕوانامەی لیسانس و دانیشتووی گەڕەکی \"گوڵشەن\"ی شاری سنە بووە.

توێژەرانی کۆمەڵایەتی، هەژاری و بێکاری وەک یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی خۆکوشتنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە قەڵەم ئەدەن.

بەپێی دوایین ئامارەکان خۆکوژی بە دووەمین هۆکاری مردنی خوێندکاران دادەندرێت. لەلایەکی دیکەوە توێژەرانی کۆمەڵایەتی لەسەر ئەو باوەڕەن \" قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئێران لە ئێستادا بوونەتە شوێنێک بۆ گوشاری دەروونی بۆ سەر قوتابیان و خوێندکاران\".

بەپێی توێژینەوەیەک کە سەبارەت بە خۆکوشتنی خوێندکاران لە وڵاتی ئێران ئەنجام دراوە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٧٧ هەتا ٨٣ دا، خۆکوشتن بە دووەمین هۆکاری مردنی خوێندکاران، پاش رووداوی هاتووچۆ، داندراوە.

ساڵی ١٣٨٩ جێگری بەرپرسی زانکۆی سەنعەتیی ئیسفەهان رایگەیاندبوو، لە نێوان هەر تێرمێکی خوێندندا ٨ حاڵەتی خۆکوژی لەو زانکۆیە روو ئەدات.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەرجەم ١٨ هاووڵاتیی کورد بەهۆکاری جۆراجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١١ کەسیان ژن بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەرکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.