خۆکوشتنی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە پیرانشار + ئامار

14:01 - 14 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی پیرانشار بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی١٣ی خەزەڵوەر لاوێکی ٢٢ ساڵ بەناوی \"یاسین رەحمەتی\" کوڕی مەلا تەها بە خواردنی ژەهر، هەوڵی خۆکوشتنی دا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ یاسین رەحمەتی خەڵکی گوندێ سێلوێی سەربە پیرانشار بووە کە رۆژی رابردوو چۆتە خوار گوندەکەیان و بە خواردنەوەی ژەهر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

دەگوترێت کە تەرمی یاسین رەحمەتی بە مەبەستی پشکنین رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری ورمێ کراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ناوبراو رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ناوەندەی ئاماری ئاژانسی کوردپا تۆمار کراون، لە ماوەی ٤٥ رۆژی رابردوودا ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە و لەو ماوەیەدا ٨ کەسیان ژن و ٩ کەسیشیان پیاو بوون کە خۆکوشتنی حەوت کەسیان تەنیا لە ١٤ رۆژی رابردوودا رووی داوە.