خۆپیشاندەرانی نارازی سەبارەت بە وشکبوونی گۆلی ورمێ دەستبەسەر کران

21:00 - 21 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەلێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە ورمێ دەستبەسەر و بۆ ئیدارەی ئاگاهیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو بە بەشداریی زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی کورد و تورک خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە بەردەم بازاڕی نیکخواهی شاری ورمێ بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، کە بە بۆنەی ساڵڤەگەڕی گوتاربێژیی حەسەن رۆحانی لەکاتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەو شارە رێکخرابوو، مەئموورانی \"لیباس شەخسی\" و \"یەگانی دژە شۆڕش\" ژمارەیەک لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکەیان دەستبەسەر کرد.

دەگوترێت، کۆبوونەوەی رۆژی ٢٠ی جۆزەردان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وشک کردنی گۆلی ورمێ و جێبەجێ نەکرانی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی لە پەیوەندی لەگەڵ چارەسەر کردنی کێشەکانی گۆلی ورمێ ئەنجام دراوە.

ماڵپەڕی \"ئویان نیوز\" باسی لە دەستبەسەر کردنی لانیکەم ١٠ کەس کردووە، کە رۆژێک پێش خۆپیشاندانەکەدا دەستبەسەر کراون و هەنووکە لە گرتووخانەی (٩ پلە)ی ورمێ‌لە دەستبەسەری‌دان.

ئەو سەرچاوەیە ناوی دەستبەسەرکراوانی (نیما حوسێنی، محەمەد محەمەدی، عەتا کەریمی، میلاد موختاری، رۆحوڵڵا مەزاهیری‌پوور، ئەمیر ئیبراهیملوو، یاسین حاجی‌زادە، ئیحسان بەدرمیلان، یاسر ئەکبەری و مستەفا هاشمی) راگەیاندووە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن خۆپیشاندانێکی هاوشێوە لە تورێز بەرێوەچووە، کە تیایدا ١٥ کەس دەستبەسەر کراون و ٧ کەسیش لەو دەستبەسەر کراوانە، لە گرتووخانەی پۆلیسی ئەمنیەتی ئەخلاقی (سائیب) ئازاد کراون.

\"20463.jpg\"
گۆلی ورمێ ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو گۆلەکە، بەرەوڕووی قەیران لە ناوچوون ببوویەوەو بە شێوەیەک لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا عیسا کەڵانتەری، بەرپرسی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ وێرای ئاماژە کردن بە وشکبوونی ٩٣ لە سەدیی گۆلەکە، رایگەیاندبوو: بووژاندنەوەی ئەم گۆلە ماوەی ١٠ هەتا ١٢ ساڵ دەخایەنێت.

کێشە و قەیرانەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێ هەڕەشە لە گیانی ٥ ملیۆن هاووڵاتیی کورد و تورک لە سێ ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژهەڵات دەکات.
\"20460.jpg\"

\"20461.jpg\"

\"20462.jpg\"

\"20459.jpg\"