خۆپیشاندانی پشتیوانی کۆبانی، ئاوارەیی ٢ چالاکی فەرهەنگیی لێکەوتەوە

13:10 - 24 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دوو چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەنجامی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا زێدی خۆیان بەجێهێشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەرەسەلان چەڵەبی شاعیری کورد و هادی عەزیزی شارەزای مێژوو و زمانی کوردی بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە، لەمەڕ بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بە ناچاری روویان لەدەرەوەی وڵات کرد.

ئەرسەلان چەڵەبی چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە لێدوانیكدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند؛ دوابەدوای بەشداری کردنم لە خۆپیشاندانەکانی پشتگیری لە خەڵکی کۆبانی بانگهێشتی ئیتلاعات کرام و بۆ ماوەی ٢ رۆژ و نیو لێپرسینەوەم لێکرا.

\"24179.jpg\"
ئەرسەلان چەڵەبی، سێ کۆمەڵە شێعری چاپ و بڵاو کردۆتەوەو دوو بەرهەمیشی ئامادەی چاپ کردووە
ئەو شاعیرە کوردە دەشڵێت، هۆکارێکی دیکە بۆ ئەوەی وڵاتم بەجێهێشت؛ ئەوە بوو کە بەردەوام لە ژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەکاندا بووم و تەنانەت رۆژی خۆپیشاندانەکەی پشتیوانی لە کۆبانی، لە کاتی هاتنە دەرەوەم لە ماڵەوە هەتا گەڕانەوەم بۆ ماڵێ، فیلمیان لێ هەلگرتبووم و لە ئیتلاعات پیشانیان دام.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان ئاشکرای کرد، ئەو رۆژەی کە من دەستبەسەر کرام، ١٧ کەسی دیکە لە ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرابوون و لێپرسینەوەیان لێدەکرا، بەڵام هەموویان جگە لە من، لە شەوی یەکەمدا ئازاد کران.

چەڵەبی، کە ٢ ساڵ پێش ئێستا کۆڕی زانستی – ئەدەبی کافە کتێبی\" لە شاری بۆکان دامەزراندووە، ئەوەشی خستەروو؛ بەهۆی ئەوەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە دژی ئاتاتورک دروشمم دابوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان زۆریان لێپرسینەوە لێکردم و پێیان دەگوتم کە تۆ بە دژی \"باوکی ئێمە\" دروشمت داوە.

ئەرسەلان چەڵەبی، کە سێ کۆمەڵە شێعری بەناوەکانی (ترین تەنیا، سەمای سەرسامی و هەوری خوێناوی مەستە کچێک)ی چاپ و بڵاو کردۆتەوە، سەبارەت بە رەوشی چالاکیی فەرهەنگی لە ناوچەی موکریان دەڵێت: ئیتلاعات چالاکانی فەرهەنگی بە ئەندامەتی و چالاکی بۆ حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار دەکات و هەر بەو بیانووەش رێگری لە چالاکییەکانیان دەگرێ، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە تێکڕای ئەو کەسانەی لە ئەنجومەنە فەرهەنگییەکاندا کاری چالاکیی فەرهەنگی دەکەن، لێکۆڵینەوە لەسەر زمان، ئەدەب و مێژووی کورد دەکەن\".

\"24180.jpg\"
هادی عەزیزی، ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بواری زمانه‌وانی و مێژوو و كۆمه‌ڵناسیدا کار دەکات
هادی عەزیزی، چالاکی فەرهەنگی و شارەزای مێژوو و زمانی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە بەهۆی وەڕێخستن و بەشداری مانگرتنی سێ رۆژەی چالاکانی بۆکان و خۆپیشاندانی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی، بەرەوڕووی فشاری دەزگا ئیتلاعاتییەکان بۆتەوە، یەکێکی دیکە لەو کەسانەیە کە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتووە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە لیدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ رۆژی یەکی سەرماوەز کە بەشداری خۆپیشاندانەکان بووم لەوێدا بەیاننامەیەکم خوێندەوە، ویڕای چالاکانی دیکەی خەڵکی بۆکان لەلایەن ئیتلاعاتەوە خرابوومە ژێر چاوەدێرییەوەو بەو هۆیەوە خۆم شاردەوە و پاش ماوەیەک بە ناچاری وڵاتم بەجێهێشت.

هادی عەزیزی، کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بواری زمانه‌وانی و مێژوو و كۆمه‌ڵناسیدا کار دەکات، دەڵێت؛ ساڵ ١٣٨٨ی هەتاویش له‌لایه‌ن ئیداره‌ى ئیتلاعاتى بۆكانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کرام و پاش ٢ مانگ دەستەبسەری، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ به‌ تۆمه‌تى پڕوپاگه‌نده‌ و ته‌بلیغ به‌دژى حكوومه‌تى ئێران به‌ ٤ مانگ زیندانی تەعزیری، ٣ ساڵ زیندانى هه‌ڵپه‌سێردراو و ١ ساڵ و نیو دوورخرانه‌وه‌ بۆ شارى “سیمنان” مه‌حكووم كرام.

عەزیزی کە ساڵی ١٣٦٣ لە شاری بۆکان لەدایک بووە، به‌ شێوه‌ی زانستی و ئه‌كادیمی له‌سه‌ر مێتۆدی زانكۆى سۆڕبۆنی پاریس، یەکەم خولی فێربوونی زاراوەی کرمانجیی ژوورووی لە خۆراسان بەڕێوە بردووەو ئێستاش لێکۆلینەوە لەسەر زاراوەی کرمانجی دەکات و دەڵێت ئەو کارەشم بۆ ئاشت کردنەوەی زاراوەکانی زمانی کوردی لەگەڵ یەکتردا دەکەم.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە وەرزی هاوین و پاییزی ئەمساڵدا ٦ چالاکی خوێندکاری، فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ئەنجامی فشار و هەڕەشەی ناونەدە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا وڵاتیان بەجیهێشتووە.