خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵكی مەریوان بریندار و دەستبەسەری لێکەوتەوە

14:23 - 17 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتیانی شاری مەریوان بەنیشانەی مەحكووم كردنی هێرشی گرووپی \"داعش\" بۆسەر كۆبانی خۆپیشاندانێكی هێمنانەیان وەرێ‌خست كە ئەو خۆپیشاندانە لەلایەن هێزی ئینتزامی و سپای پاسدارانەوە هەوڵی بڵاوەکردنی درا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٦‌ی رەزبەر یەكێك لەچواڕێیانی سەرەكیی شاری مەریوان شایەتی گرژی و تێكهەڵچوونی نێوان هێزە نیزامییەكان و خۆپیشاندەران بوو.

ئەو خۆپیشاندانە لەسەر بانگەوازی چالاكانی فەرهەنگی، رۆژنامەنووسان و چالاكانی مافی مرۆڤ رێكخرابوو.

دەوترێت لەو گرژی و تێكهەڵچوونانەدا ژمارەیەك هاووڵاتیی دەستبەسەر و چەند كەسێكی دیكەش دەستبەسەر كراون.

لەو پێوەندییەدا \"كەمپەینی بەرگریی لەزیندانیانی سیاسی و مەدەنیی\" بڵاوی كردبوویەوە، لەو خۆپیشاندانەدا زیاتر لە ٣٠ هاووڵاتیی دەستبەسەر و ١٠ كەسی دیكەش بریندار كراون.

بەوتەی شایەتحاڵان، فەرماندەی هێزی ئینتزامی، فەرماندەی سپای پاسداران و چەند بەرپرسێكی ئیدارەی ئیتلاعات بەژمارەیەكی زۆری چەكدارەوە چوونەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

دەوترێت خۆپیشاندەران سەرەتا دروشمی پشتیوانی لەكۆبانیان وتۆتەوە و دواتر دروشمەكان لایەنی رادیكاڵ بوونیان بەخۆیەوە (دژی حكوومەتی) گرتووە.

شایەتحاڵان ئەوەشیان خستۆتەڕوو، گاردی تایبەتی ناجا گازی فرمێسك رێژییان لەنێو خەڵكدا بڵاو كردۆتەوە و دواتر بە باتۆم لێیان داون.

سەرەڕای لێدان و دەستبەسەركردنی خۆپیشاندەران، هاووڵاتیانی بەشدار درێژەیان بە وتنەوەی دروشم و ناڕەزایەتی دەربڕین داوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەك لە چارەنووسی دەستبەسەركراوەكان لەبەر دەستدا نیە.