خۆسووتاندنی ٢ هاووڵاتیی کوردی یارسانی و هەڵوێستی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان

19:27 - 18 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی یارسان و هەروەها یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامە، هەڵسووکەوتی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان لە هەمبەر هاووڵاتیانی کوردی یارسان مەحکووم کرد.

دوابەدوای خۆسووتاندنی دوو هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئایین و خەڵکی یارسان لە شاری هەمەدان، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکانی مامفی مرۆڤ، یارسان و هەروەها حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتە ئاراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیانییەیەکدا ویڕای بەداخبوونی خۆی لەمەڕ خۆسووتاندن و مردنی یەکێک لە چالاکانی یارسان بەناوی \"نیک مەرد تاهیری\" ، سووکایەتی کردنی بە ئایین و مەزهەبی هاووڵاتییانی یارسدانی مەحکووم کردووە و داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردووە رێز لە هەموو بیر و باوەرێکی جیاواز بگرێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی رابردوو کۆمەڵێک لە چالاکانی یارسانی داوایان لە خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی کرماشان بە تایبەتی کردووە کە لە هەمبەر ئەو زوڵم و ناعەدالەتییانەی کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەڕێوە دەبات، کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانی رۆژی یەکشەممە لە بەر دەرگای ئوستانداریی کرماشان کۆبوونەویەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بەو هەڵسووکەوتەی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەڕێوەبەرن.

هاوکات حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بەدەر کردنی بەیاننامەیەک هەڵسووکەوتی هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەبارەت بە هاووڵاتییانی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسانی مەحکووم کردووە و رایگەیاندووە، خۆسووتاندن و ئاگر لەخۆ بەردان هەرچەند نیشانەی ئەو پەڕی ئامادەیی نیشاندان بۆ قوربانی بوون لەپێناو باوەڕدایە و سەلمێنەری ئەوپەڕی بێزاری لەدۆخی هەنووکییە، بەڵام ناکرێ تەئید و پشتیوانیی خۆسووتاندن بکرێ و چونکە رێگای بەرخۆدان و بەربەرەکانێ و راوەستان لە بەرانبەر ستەم و چەوسانەوەدا زۆرن.

\"13170.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا \"تەیموور مستەفایی\" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: زوڵم کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هاووڵاتییانی یارسانی شتێکی تازە نییە و تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێک کە هاووڵاتییانی یارسانی لە هەندێک حاڵەتدا حاشا لە مەزهەبەکەی خۆیان بکەن ئەم زەبروزەنگەش بەو رادەیە گەیشتووە کە بە سووتاندنی خۆیان دژکردووە بەم هەڵسووکەوتەی هێزە ئیتلاعاتییەکان نیشان بدەن.

ئەو بەرپرسەی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوەش کرد، ئێمە وەک حیزبی دێمۆکرات لە هەموو جۆرە حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی کە بەدژی هەڵاواردن، زوڵم و ناعەداتی بێت، پشیتیوانی دەکەین و پێویستە هاووڵاتییانی کورد وەک ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەم خۆپیشاندانەدا بەشداری بکەن.

مستەفایی ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا باس لە پارستنی کەرامەت و رێز دادنان بۆ مافی کەمینەکان لە وڵاتی ئێراندا دەکات، کە کەمینە ئایینی و نەتوەییەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە وڵاتی ئێران بەرەوڕووی زۆرترین فشار بوونەتەوەو ئەم زەخت و گوشارەش سەبارەت بە هاووڵاتییانی کوردی پەیرەوی ئایینەکانی وەک: یارسانی چەند قات زیاتر بووە، چونکە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە \"هەم لە رەهەندی ئایینیەوە هەم لە رەهەندی کورد\" بوونەوە سەیری ئەم مەسەلەیە کراوە.