خۆبواردنی نەخۆشخانە لە نەشتەرگەری سزاریان، ژنێکی سەلماسی کردە قوربانی

17:33 - 14 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شاری سەلماس سەرەڕای پێویستی ژنێکی دووگیان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی، رێگەیان نەدا لە ژووری نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێکی دووگیان لە سەلماس لەئەنجامی کەمترخەمی پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی \" خاتمولئەنبیا\" گیانی خۆی لەدەست دا.

شوناسی ئەو ژنە کوردە \" مەلێقا زەینالی\"، خەڵکی شووت لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا راگەیندراوە.

لەو رووداوەدا کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو رووی داوە، هاوسەری ئەو ژنە بە هۆی هەژاریی و دەسکورتییەوە توانای دانی تێچووی سزاریانی نەبووە و بەو هۆیەوە ژنەکەی بە حاڵەتی سروشتی منداڵی بووە و پاشان گیانی لەدەست داوە.

\" وەلی\" هاوسەری مەلێقا بە هۆی ئەو کەمترخەمییەوە سکاڵەی لەسەر پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی سەلماس تۆمار کردووە و رۆژێک داوتر بانگهێشتی فەرمانداریی و پرسیاری لێکراوە.

\"28555.jpeg\"
خاتوو مەلێقا یەک رۆژ پێش لە گیان لەدەستدانی
هاوسەری ئەو ژنە کە بە کرێکارییەوە سەرقاڵە باسی لەوە کردووە، کە شەوی رووداوەکە زۆر لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە پاراوەتەوە کە پێڕاگەیشتن بە دۆخی جەستەیی ژنەکەیدا بکەن، بەڵام بە وتەی خۆی پێرسۆنێلەکان گوێیان پی نەداوە و گاڵتەشیان پێکردووە.

رێکەوتی ١١ی خەرمانان هیندێ لە ماڵپەڕەکان ئەو هەواڵەیان بڵاو کردەوە، بەڵام رۆژی رابردوو ماڵپەڕی \" سەلامەت نیوز\" بە بڵاو کردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو رووداوە، رۆژنامەی فەرهیختەگان و خەبەرئانلاینی بە \" ناشارەزایی و حاشا لە مەرگی مەلێقا\" تاوانبار کردووە.

لە حاڵی حازردا هیچ پزیشکێک لە کوردستان و ئێران بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە زینداندا نیە و بە وتەی بەرپرسی سەندیکای پزیشکان، سزا و حوکمەکانی پێوەندیدار بە هەڵەی پزیشکییەوە لە حاڵەتی هەڵپەسێردراوی دان.