خوێندکارێک و دوو هاووڵاتیی کورد، حوکمی سێدارەیان بۆ بڕایەوە

14:41 - 22 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دەستبەسەریدان، بە سێدارە مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر شێخ عەبدوڵڵا، چالاکی خوێندکاریی کوردی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران و دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی دیاکۆ رەسووڵزادە و حوسێن عوسمانی لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕایەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی \"ئەنجامدانی تەقینەوە\" و \"ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیدا\"، حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە.

سابیر شێخ عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی مستەفا، حوسێن عوسمانی تەمەن ٥٠ ساڵ و دیاکۆ رەسووڵزادە تەمەن ٢٣ ساڵ، مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێـزە لیباس شەخسییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.

دەزگای ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی شاری مەهاباد و ئەندامەتی لە \"کۆمەڵە\"دا، تۆمەتبار کرد.

تۆمەتبار کردنی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە بە ئەندامەتی لە کۆمەڵە و تەقینەوەکەی شاری مەهاباد لە کاتێکدایە، کە ئەنوەر محەمەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پێشتر و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، وێڕای مەحکووم کردنی هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە بە دژی خەڵكی سڤیل، ئیدیعای ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی لەمەڕ ئەندامەتیی ئەو سێ کەسە لە کۆمەڵەدا، بە درۆ خستبوویەوە.

\"25907.jpg\"
سابیر شێخ عەبدوڵڵا، چالاکی خوێندکاریی بووە قوربانیی دەستی وەزیری ئیتلاعات
ماوەیەک پێش ئێستایەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی وەزیری ئیتلاعات و راستەوخۆ بووە قوربانیی ئەو ناوەندە ئەمنییەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سابیر لەو تەقینەوەیە ئاگاداریش نەبووە\".

کەسوکاری ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد رایانگەیاندووە، کە کوڕەکانیان لە ماوەی دەستبەسەریدا لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە مەبەستی وەرگرتنی \"دانپێدانانی تەلەفزیۆنی\"، بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.