خوێندکارێک لە لایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا

13:38 - 12 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی شاری ورمێ لە ماڵی باوکیدا لە شاری بۆکان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی سەرماوەز، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی هەژار مام عەزیزی، کوڕی حیسام دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار گواستیانەوە.

ئەو لاوە تەمەن ٢٤ ساڵەیە چەند کاتژمێرێک پاش گەڕانەوەی لە شاری ورمێ بۆ شاری بۆکان لە ماڵی باوکیدا دەستبەسەر کراوە.

ڕاپۆرتی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە مەئموورانی ئەمنیەتی حوکمی دەزگای قەزاییان بۆ دەستبەسەر کردنی هەژار پێ بووە، کە ئەمەش یەکێک لە حاڵەتە دگمەنانە بووە کە ئەو هێزانە بۆ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان حوکمی قەزاییان پێ بێت.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کامیاران، سنە، بۆکان و پیرانشار دەستبەسەر کراون.

هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان بۆ دروستکردنی دۆخی ترس و تۆقاندن لە نێو هاووڵاتییانی کورددا، زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبێ حوکمی قەزایی دەستبەسەر دەکەن.

بە هۆی نەبوونی کەشێکی ئازاد و نەبوونی میدیای سەربەخۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئامار و ڕاپۆرتەكان لە مەڕ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، زیاتر لەوە پێشان دەدەن کە لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاو دەبێتەوە.