خوێندکارێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:12 - 23 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان بە هۆی بێبەش کردن لە خوێندن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان و دانیشتووی شارۆچکەی کانی‌دینار بە هۆی دەر کردنی لە زانکۆ لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەی خۆ هەڵواستن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو خوێندکارە کوردە، بە \"عەبدوسەلام خوشامەن\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"دەل\" سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیەندراوە.

دەگوترێت، ئەو خوێندکارە کوردە بە هۆی بیروباوەڕی سیاسییەوە لە مافی خوێندن بێبەری کراوە و ئەمەش بووەتە هۆی خۆکوژی ئەو خوێندکارە کوردە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد بە تاوانی بیروباوەڕی سیاسی و مەزهەبی لە زانکۆوەکانی ئێران لە مافی خوێندن بێبەری کراون.