خوێندکارێکی کورد لە کرماشان دەسبەسەر کرا
11:56 - 14 بەفرانبار 2719
ئاژانسی کوردپا: خوێندکاریکی کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٣ی بەفرانبار، خوێندکارێکی کورد بە ناوی "حەبیب ڕەزایی"، خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خوێندکارە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو خوێندکارە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کردووە".
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیرانی ئەو خوێندکارە کوردە لەبەر دەستدا نییە.