خوێندکارێکی کورد لەتەورێز بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە \"کۆما\" دایە+ وێنە

14:21 - 22 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شارستانی جوانڕۆ بەهۆی روودای هاتووچۆوە بریندار بووە و هەنووکە لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر سەعدوڵڵا وەیسی خوێندکاری کوردی خەڵکی جوانڕۆ، لە یەکێک لەشەقامەکانی شاری تەورێز بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە دەست و لاقێکی شکاوە.

\"16756.jpg\"
سەعدوڵڵا وەیسی خوێندکاری رشتەی کارناسیی باڵای کامپیۆتێر لە زانکۆی فەنی ـ موهەندیسیی تەورێز بەهۆی رووداوی هاتووچۆ تووشی بێهۆشی بووە هەتا ئێستا لە \"کۆما\"دا ماوەتەوە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەعدوڵڵا وەیسی خوێندکاری رشتەی کارناسیی باڵای کامپیۆتێر لە زانکۆی فەنی ـ موهەندیسیی تەورێز، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا تووشی بێهۆشی بووە هەتا ئێستا لە \"کۆما\"دا ماوەتەوە.

مانگێک لەمەوبەریش کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی بۆکان، لەشاری تاران تووشی رووداوی هاتووچۆ هاتبوو.

ماریا.ج ئەو کچە خوێندکارە بوو کە بە هۆی رووداوی هاتووچۆوە قامکی لاقێکی لەدەست دابوو و دواتریش لە ئەنجامی کەمتەر خەمیی پزیشکییەوە لاقی تووشی \"هەو\" کردن (عفونت) ببوو کە مەترسیی بڕینەوەی لاقی لێدەکرێ‌.

بەوتەی چالاکانی خوێندکاریی و مافی مرۆڤ، خوێندکاران لەکاتی تووشبوون بەرووداوی لەو چەشنە، بیمە یان خزمەتگوزارییەکی زانکۆ نایانگرێتەوە و دەبێ‌بۆ خۆیان تێچووی نەشتەرگەری و دەوا و دەرمانەکەیان بدەن.