خوێندکارێکی کورد: دۆخی زانستگا جیاوازییەکی لەگەڵ دەورانی ئەحمەدی نەژاد نییە

21:24 - 17 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: دۆخی زانستگا بە پێچەوانەی بانگەشەکانی حەسەن ڕووحانی و دەوڵەتەکەی، مەنگ و داخراو ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارێکی زانستگای پەیامی نووری سنە ڕایدەگەینێ کە دۆخی زانستگاکان لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا، بە بەراورد دەگەڵ دەورانی سەرۆک کۆماریی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.

بەو وتەی فرمێسک کەنعانی، هەلومەرجی ئەنجومەنە خوێندکارییەکانیش لە هەندێ بواردا خەرابتر بووە.

سەبارەت بە ڕۆڵی خوێندکاری کورد لە هەلومەرجی ئێستای کوردستان‏دا، فرمێسک کەنعانی بە هەواڵدەریی کوردپای گوت: \"بە داخەوە زۆرێک لە قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان، هیوایان بە دەوڵەتی تەدبیر و ئۆمید بەستبوو کە ئاڵوگۆڕێک پێک بێنی کە نەک ئەو شتە ڕووی نەدا، بەڵکوو لە زۆر بواریش‏دا، خوێندکاران تووشی لەمپەڕ و مەحدوودییەت هاتن\".

\"29475.jpg\"
فرمێسک کەنعانی
ئەو خوێندکارەی بەشی ماف و یاسا کە بەناچاری پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بووە، باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کە ڕشتەکەی پێویستی بە مشتومڕی هزری لەبارەی ڕووداوە سیاسیی و حقووقیەکان هەیە، بەڵام بەهۆکاری ئەمنی، مامۆستاکان خۆیان لەو کارە دەدزییەوە.

لەمەڕ ڕوانگەی خوێندکارانی کورد بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دەرنجامە سیاسی و ئابوورییەکانی، ڕوونی کردەوە کە پاڵپشتی لە وتوێژەکان و سیاسەتی دەوڵەتی ڕووحانی تەنانەت بە چاوێکی ئەمنییەتی سەیر دەکرا و بۆ باندۆری ئابوورییش، ئەگەر تەنیا هێما بۆ گرانیی شتومەک بکەین، دەزانین کە لانیکەم بۆ قووتی ڕۆژانەی خەڵک هیچ ئەرێنی نەبووە.

فرمێسک کەنعانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بەڵگەت چییە بۆ سەلماندنی ئەو فەزا ئەمنیەی زانستگا، گوتی: \"لانیکەم لە زانستگای پەیامی نووری سنە، هێچ بڵاوکراوەیەکی خوێندکاریی بوونی نییە و لە بۆردی زانستگاوە تەبلیغ بۆ ئەندامییەتی بەسیج دەکرێت و هیچ چالاکییەکی مەدەنی و سێنفی تەبلیغ ناکرێت\".

هەروەها لە هۆکارەکانی هاتنە دەرەوەی لە ئێران، ئاماژەی بۆ نەبوونی داهاتووی ڕوون و زۆڵم و ستەم لە کورد کرد و ڕایگەیاند: \"خوێندکارانی کورد بەتەواوەتی هەست بە بێ‏دەرەتانی لە ئێران دەکەن و پێویستیی ڕێکخستن و ڕێبەریی کردنی نەتەوەی کورد دەرک دەکەن\".

پێدانی ٥٠٠ هەزار تمەن بۆ هەر تێرمێکی خوێندن بەبێ تێچووە لاوەکییەکانی وەک کرێی هاتوچۆ، کڕینی کتێب و خواردن و ... بەشێکی دیکەی دۆخی نالەباری زانستگای پەیامی نووری سنە و باقی خوێندکارانی کوردستانە.

وێناکردنی ئەو دۆخەی بزاڤی خوێندکاری لە لایەن ئەو خوێندکارە کوردەوە لە کاتێکدایە کە حەسەن ڕووحانی لە ساڵی ١٣٩٢، بانگەشەی لابردنی داخراویی سیاسیی و ئاکادمیکی، لە زانستگاکان و کەم کردنەوە زەخت و فشار لەسەر خوێندکارانی دەکرد.