خوێندکارێکی کورد بە ١٨ مانگ زیندانی مەحکووم کرا و ئیتلاعاتیش هەڕەشەی کوشتنی لێ‌دەکات

15:00 - 24 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە ئوستانی کرماشان، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو ئیدارەی ئیتلاعاتیش هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد ئەمین قادری خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ و خوێندکاری زانکۆی عیلمی کاربوردیی شاری روانسەر، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات، بە ١٨ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری روانسەر رایگەیاند؛ محەمەد ئەمین قادری خوێندکاری کارناسیی رشتەی (it) لە زانکۆی عیلمی کاربوردیی روانسەر بووە، کە رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانەوە لە ناو زانکۆدا دەستبەسەر کراوە.

لەو پەویەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە؛ ئەو خوێندکارە کوردە، کە بۆ ماوەی ٣٣ رۆژ لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتی‌یەکاندا ماوەتەوە، بەتوندترین شێوە بەرەوڕووی ئەشکەنجەی رۆحی و جەستەیی بۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتووشیەتی: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەو خوێندکارە کوردە کردووە، ئەگەر هاوکاریی ئیدارەی ئیتلاعات نەکات، بە شێوەیەک دەیکوژن، کە کوشتنەکەی حاڵەتی خۆکوژیی پێوە دیار بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتی‌یەکان لە محەمەد ئەمین قادری ترس و نیگەرانیی لای ئەو خوێندکارە کوردە و بنەماڵەکەی دروست کردووە.