خوێندکارێکی کورد بەرەوڕووی مەترسیی سزای لەسێدارەدان بۆتەوە

16:18 - 4 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: خویندکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە مانگی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ دەستبەسەر کرا، بەرەوڕووی مەترسیی گیانی بۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سابیر شێخ عەبدوڵڵا خوێندکاری کارناسیی باڵای رشتەی بیمە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سیناریۆیەکدا بە ئەنجامدانی تەقینەوەی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی مەهاباد تۆمەتبار کراوە.

سابیر شێخ عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی مستەفا و خوێندکاری کورد لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران رۆژی ٢٤ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێـزە لیباس شەخسییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

\"20151.jpg\"
سابیر شێخ عەبدوڵڵا، لە سیناریۆیەکدا بە ئەنجامدانی تەقینەوەی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی مەهاباد تۆمەتبار کراوە
یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵلا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە ناوەندی دەنگ و رەنگی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەشی هەواڵەکانی ٢٠:٣٠دا لە پەیوەندی لەگەڵ دەستبەسەر کرانی چەند کەسێک، کە بە وتەی دەزگا ئەمنییەکان پەیوەندییەیان بە تەقینەوەکەی مەهابادەوە هەبووە، بڵاوی کردۆتەوە، کە کەسیک لەو دەستبەسەر کراوانە سابیر شێخ عەبدوڵڵایە.

ئەو خوێندکارە گوتیشی، ئەو هەواڵەی ماڵپەڕی بوڵتەن نیوز کە ناوی سێ کەسی بڵاو کردۆتەوە، کە کەسێکیان ناوی ساڵح شێخ عەبدوڵڵایە، ئەو کەسە هەمان سابیرە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان دەیانهەوێ بەو شێوەیە رای گشتی بەلارێدا ببەن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سابیر شێخ‌عەبدوڵڵا نە لە زانکۆ و نە لە مەهابادیش یەک رۆژ چالاکیی سیاسی نەبووەو وەزارەتی ئیتلاعات ئەو خوێندکارەی خستۆتە ناو سیناریۆیەکی لەپێشدا داڕێژراو، بۆیە ئەمە نیگەرانیی لای بنەماڵە و هەموو هاورێکانی سابیر دروست کردووە.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی سابیر شێخ عەبدوڵڵا پەیوەندیی بە بنەماڵەی ئەو خوێندکارە کوردەوە گرت، بەڵام لە دانی زانیاری و لێدوان بۆ هەواڵنێری کوردپا خۆیان بوارد، کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی شێخ عەبدوڵڵا لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە، لە دانی زانیاری بۆ میدیاکان خۆ ببوێرن.

حوسێن عوسمانی تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، رێکەوتی ١٢ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لە ماڵی خۆیدا لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و هاوڕێ لەگەڵ (دیاکۆ رەسووڵزادە و \"ساڵح شێخ عەبدوڵڵا\"(سابیر) بە تەقینەوەکەی خەرمانای ساڵی ٨٩ی شاری مەهاباد تۆمەتبار کراوە، ئیدیعایەک کە لەلایەن بنەماڵە و کەسووکارییانەوە رەت ئەکرێتەوە.

ماڵپەڕی بوڵتەن نیوزی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات ناوی ئەو سێ کەسەی بڵاو کردبوویەوە، کە بەپێی ئیدیعای خۆی لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پەیوەندییان هەبووە، بەڵام ئەنوەر محەممەدی ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە پێشتر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، ئەو ئیدیعایەی دەزگا ئەمنییەکانی بە درۆ خستبوویەوە.