خوێندکارێکی قۆناغی کارناسیی باڵا لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

15:21 - 3 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، پێنج چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی \"موحسێن مورادی، ئاریوان شاکری، مێهران محەممەدی، عێرفان ساعدپەنا و سالار کازمی\" بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کرا.

چوار کەس لەو چالاکانە پاش لێپرسینەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە ئازاد کران، بەڵام عیرفان ساعدپەنا دەسبەسەر و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بانگهێشت و دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکانە لە پێوەندی لەگەڵ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بووە.

نزیکانی ساعدپەنا لە تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو بێئاگاهی خۆیان دەربڕیوە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە، نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

عێرفان ساعدپەنا، تەمەن ٣١ ساڵ، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی خوارەزمی تارانە.