خوێندکارێکی دەستبەسەرکراوی کورد بە ١٠٠ ملوێن تمەن بارمتە ئازاد دەکرێ

15:39 - 16 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەلکی شاری مەریوان، کە لە رۆژانی رابردوودا بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرابوویەوە، لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامییەوە بڕیاری دانانی بارمتەی بۆ دەرکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەرهاد شەفیع‌زادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی تەورێز کە رێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، پاش نزیک بە یەک مانگ دەستبەسەری، بە دانانی ١٠٠ ملوێن تمەن بارمتە، بڕیاری ئازاد کارنی دراوە.

\"22429.jpg\"
هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی فەرهاد شەفیع‌زادە و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دراونەتە پاڵی، روون نەبۆتەوە
فەرهاد شەفیع‌زادە، کە رێکەوتی ١٠ی رەزبەر و پاش ٢٠ رۆژ لێپێچینەوە بۆ زیندانی مەریوان گوازرابوویەوە، بە بریاری دادوەری لێکۆڵینەوە (قاضی بازپرس)، بە شێوەی کاتی بڕیاری ئازادکرانی دراوە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی فەرهاد شەفیع‌زادە و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دراونەتە پاڵی، روون نەبۆتەوەو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش ناوبراو لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، فەرهاد شەفیع‌زادەیان لە رێگەی تەلەفۆنی یەکێک لە هاوڕێکانییەوە بانگ کردبوویە بەر دەگای ماڵی خۆیان و دەستبەجێ دەستبەسەریان کردبوو.

ئەحمەد شەهید لە حەوتەمین راپۆرتیدا سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئاماژەی بە زیادبوونی حاڵەتی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە هاووڵاتییان و بانگهێشتی چالاکانی مافی مرۆڤی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە کردبوو.