خوێندکارێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە هەشت ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

21:44 - 2 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری تاران خوێندکارێکی کوردی بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارێکی کورد بە ناوی \"زانیار ئەحمەدی‌نیاز\" تەمەن ١٩ ساڵ کوڕی حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەرەی کچانی شیناوێ و ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز کە دۆسییەی کوڕەکەی خۆی بە ئەستۆ گرتووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری تاران بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و بەشداری لە کۆبوونەوە نایاساییەکاندا، ٨ ساڵ زیندانی تەعزیریی بە سەر زانیاردا سەپاندووە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: کوڕەکەی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی مانگی بەفرانباری سآڵی ڕابردوودا، دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

زانیار ئەحمەدی‌نیاز خوێندکاری ڕشتەی ماف لە زانکۆی ئازادی تارانی بووە.