خوێندکاریکی کورد بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست دا

16:00 - 17 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد، خەڵکی شاری دیواندەڕە سەر بە پارێزگای سنە بە هۆکاری نادیار گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ پووشپەڕ، لاوێکی خوێندکار تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی \"کانی چەرمووی\" شاری دیواندەڕە گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرە شوناسی ئەو خوێندکارە کوردە \" ئازاد محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ خوێندکاری زانکۆی شاری سنە ڕاگەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە لە زاری دایکی ئەو خوێندکارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئازاد لە کاتی چاولێکردنی یاری تۆپی پێی دەبێت، کارەبا دەپچرێت و لە کاتی چاککردنەوەی کارەبا تووشی کارەبا گرتوویی دەبێت.

بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ئەو خوێندکارە کوردە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانەی شاری دیواندە گیانی لە دەست دابوو.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: دوکتوری نەخۆشخانەی شاری دیواندەڕە بەو بنەماڵيیە ڕاگەیاندووە، دەوری ملی ڕەش هەڵگەڕابوو و ئەمەش نیشان دەدات، یان خۆی کوشتووە یان کوشتوویانە.

لە سەر بڕیاری دوکتوری نەخۆشخانەی شاری دیواندەڕە، تەرمی ئەو خوێندکارە کوردە بۆ پزیشکی یاسایی شاری سنە بەڕی دەکەن و ڕۆژی دواتر تەرمەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، پزیشکی یاسایی شاری سنە ڕاگەیاندووە، کە شوێنەواری لێدان لە سەر جەستەی ئەو لاوە کورد دیار بووە و ئەگەری زۆرە کە کوشتبێتیان.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو ساڵ پێش برایەکی ئازاد کە تەمەنی ٢٣ ساڵ و خوێندکاری پزیشکی بووە، لە هەمان شوێن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.