خوێندکارانی زانکۆی پەیام ‌نووری مەریوان پشتیوانیان لە مانگرتنی بازاڕیان کرد

22:15 - 1 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی پەیام‌ نووری زانکۆی شاری مەریوان بە کۆبوونەوە لە هۆڵی سەرەکیی ئەو زانکۆیە، پشتیوانیی خۆیان لە داواکاری بازاڕیانی کوردستان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ١ی بانەمەڕ، خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌ نووری شاری مەریوان بۆ پشتیوانی لە بازاڕیانی مانگرتووی کوردستان، لە هۆڵی سەرەکیی ئەو زانکۆیە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕێخست.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕاگەیاند: \"ئەو خوێندکارانە بە هەڵگرتنی پلاکارد گەلێک بە دروشمی وەک \"نا بۆ داخرانی سنوورەکان، نان و کار\" و ڕاخستنی سفرەی خاڵی پشتیوانیان لە داخوازی بازاڕیانی مانگرتوو کرد.

یەکێک لە خوێندکارانی بەشداربووی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێڕی کوردپا، ئامانج لە بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیەی \"پشتیوانی لە داخوازیی بازاڕیانی کوردستان و هاندانی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە داواکاری بازاڕیان\" ڕاگەیاند.

چەند ڕۆژ پێش، خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای پشتیوانی خۆیان لە داواکاریی بازاڕیانی مانگرتوو لە کوردستان، داوایان لە چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان کرد نیسبەت بەو دۆخه هەوڵویست بگرن.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.