خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

16:44 - 22 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی کورد لە زانکۆی پەیام‌نووری شاری مەریوان بەیاننامەیەکیان سەبارەت بە \"کردوە تێرۆریستییەکان\"ی سەر بارەگاکانی کۆمەڵە بڵاکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی خوێندکارانی زانکۆی پەیام‌نوری مەریوان بۆ کوردپا نێردراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە.

لە ماوەی ئەم چەن ساڵەی ڕابردوودا هەندێک گۆڕانکاری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان(باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا) هاتووەتە ئاراوە و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەروەها ئاستی جیهانیشدا پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە.دیارە هەرکام لە پارچەکانی باشوور،باکوور و ڕۆژئاوا لەم چەن ساڵەدا ئەتوانین بڵێین هەندێک دەسکەوتیان لێ کەوتووەتەوە و تەنها ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بە نیسبەت بەشەکانی دیکەوە بێدەنگی هەڵبژاردوە.

لەم ماوەیەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥دا ڕێکەوتووە و خەریکە فشارە دەرەکییەکان لەسەر خۆی کەم دەکاتەوە، هەروەها حزبە ڕۆژهەڵاتییەکانیش کە دیارە لە هەوڵی ئەوەدان خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببەنە قۆناغێکی دیکەوە و لەو مەنگییەی کە ڕژیم لە ماوەی ئەم چەن ساڵەدا بەسەریدا سەپاندووە دەر بێنن. هەر بۆیە ڕژیم بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، ئەو مەترسییەی بە نیسبەت خۆیەوە هەست پێ کردووە و دیسان دەستی داوەتە کاری چەپەڵی هەمیشەیی خۆی، واتە تێرۆر و تەقینەوە و زەختوگوشاری سێدارەش بۆ چالاکانی ناوخۆ. ئەمجار هەوڵی ڕژیم بۆ تێرۆری کەسایەتیی سیاسی کاک ڕەزا کەعبی، و هەروەها هەوڵی تەقاندنەوەی بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستان.

دیارە ئەم پیلانە نگریسە بە هاوکاریی چەن خۆفرۆشێک هەوڵی بۆ دراوە کە بەخۆشحاڵیەوە هیچکام لەو دوو پیلانەی ڕژیمی خوێنڕێژ نەگەیشتە ئەنجام.ڕژیمی کۆماری سێدارە و تێرۆری ئیسلامیی ئێران ئەمە یەکەمجاری نییە کە بەجێگەی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی داخوازییەکانی گەلی چەوساوەی کوردی ڕۆژهەڵات دەستت دەداتە تێرۆر و شەهیدکردنی کەسایەتییە ناسیاو و تێکۆشەرانی کورد.لەوانە: د.عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو، د.سادقی شەرەفکەندی و کاک سدیقی کەمانگەر و چەندین تێکۆشەری دیکە و سەدان پێشمەرگەی بەئەمگ بە رێبازی ئازادی.

هەر بەو بۆنەوە ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان ئەم کردەوە قیزەونانەی ڕژیمی تێرۆر و سێدارە مەحکووم دەکەین و پێی ڕادەگەیەنین کە ڕۆڵەکانی کورد هیچکات بە کوشتن و لەناوبردن و ئەشکەنجە و تێرۆر و تەقینەوە لە ڕێبازیان وەرناگەڕێن و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهەستێکی بەخورۆشترەوە ئەم ڕێگایە دەپێون. هەروەها ڕژیم پێویستە ئەوەش بزانێ کە چی دی ئەم کردەوانە ناتوانێ ئێمە لە داخوازییەکانمان پاشگەز بکاتەوە. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وان لە نێو دڵی خەڵک و جەماوەردا و پێوسیتە ڕژیم باش بزانێ کە ئێمە بەدرێژایی مێژوو ئامادەی گیانبەخت کردن بووین لە ڕێگای گەیشتن بە ئازادی و تا بەدیهاتنی واز ناهێنین.

سەرکەوتن بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد
کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نووری مەریوان
٢٧١٥.٥.٢١