خوێندنگەیەکی ورمێ بە ٢٠ هەزار تمەن کارنامە بە خوێندکاران ئەداتەوە

15:54 - 15 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە خوێندنگەکانی شاری ورمێ بۆ پێدانەوەی کارنامە بە خوێندکاران، داوای ٢٠ هەزار تمەن پارە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی هونەرستانی کارودانشی خاڕەزمی لە شاری ورمێ لە هەڵوێستێکی سەرسووڕهێنەردا، لە بری ٢٠ هەزار تمەن پارە، کارنامە بە خوێندکاران ئەداتەوە.

ئەو هونەرستانە ٦٣٢ خوێندکاری هەیە و هەتا ئێستا ژمارەیەک لە خوێندکاران بە ناچاری ئەو بڕە پارەیان بە خوێندنگەکە داوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسی قوتابخانەی گوندی تایربۆغەی ناوچەی گەورکی سەقز بە بڕیاری ئیدارەی پەروەردە بڕی ١٠٠ هەزار تمەنی پارە لە هەر قوتابییەک ئەستاندووە.

بەرپرسانی قوتابخانەی ئەو گوندە، بە بیانووی راکێشانی بۆری گازی سرووشتی بۆ قوتابخانە، ئەو ١٠٠ هەزار تمەن پارەیان لە تێکڕای قوتابیان وەرگرتووە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی تایربۆغە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هەڵکەندنی کاناڵ و سەرجەم تێچووی راکێشانی گاز بۆ ئەو قوتابخانەیە لە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابییان بووەو ئیدارەی پەوروەردە هیچ یارمەتییەکی نەداون.

بەپێی ئەو راپۆرتانە کە لەماوەی ئەمساڵی خوێندن‌دا لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو بوونەتەوە، نزیک بە تێکڕای قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە زۆرەملی پارەیان لە قوتابیان وەرگرتووە و تێچووی سووتەمەنی و سەرجەم پێداویستیی قوتابخانەکان لەلایەن قوتابیانەوە دابین کراوە.